ئاماری بارانبارینی ٢٤ کاتژمێری رابردوو لە سنووری پارێزگای هەولێر(ئەربیل) بڵاو کرایەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر(ئەربیل) ئاماری بارانبارینی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین سنوورەکەی گرتووەتەوە و شەقڵاوە زۆرترین بڕی لێ باریوە، هاوکات بڕی بارانی ئەمساڵ چەندین هێندەی ساڵی ڕابردووە.
نووسینی ژووری هەواڵ
بڵاوکرایەوە: 1 خولەک خوێندنەوە

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر(ئەربیل) کە تایبەتە بە ڕێژەی بارانبارین تا کاتژمێر ٩:٠٠ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ١٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زۆرترین بڕی بارانبارین لە قەزای شەقڵاوە تۆمار کراوە کە بڕەکەی ٩٢ ملم بووە.
بەپێی خشتەکە، لە دوای شەقڵاوە، شارەدێی بەستۆڕە بە ٧٣ ملم و شارۆچکەی کۆیە بە ٦٦.٥ ملیم و شارەدێی بالیسان بە ٥٢ ملم دێن، هەروەها لە سەنتەری شاری هەولێر(ئەربیل) ٤٧،٧ ملم باران باریوە. کەمترین بڕی بارانیش لە شارەدێی گوێڕ بووە کە ١٩.٣ ملم بووە.
داتاکانی کشتوکاڵی هەولێر(ئەربیل) جیاوازییەکی گەورە لە نێوان کۆی گشتیی بارانبارینی ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوودا نیشان دەدەن. لە سەنتەری شاری هەولێر پارساڵ تا ئەم کاتە تەنیا ٤٩.٥ ملم باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووەتە ٢١٨.٥ ملم. هەروەها لە شەقڵاوە پارساڵ ١٠٢.٥ ملم باریبوو، بەڵام ئەمساڵ ژمارەکە بۆ ٤٨٣.٢ ملم بەرزبووەتەوە.
ڕێژەی بارانبارینی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو لە ناوچەکانی دیکەی هەولێر(ئەربیل) بەم شێوەیە بووە:
• عەنکاوە: ٤٩.٤ ملم
• قوشتەپە: ٣٧ ملم
• خەبات: ٢٨ ملم
• بنەسڵاوە: ٤٠ ملم
• شۆڕش: ٥٢ ملم
• هەریر: ٤٤.٥ ملم
• مەخموور: ٣١ ملم
• دیبەگە: ٣٣ ملم
• تەقتەق: ٣٢.٢ ملم
• شەمامک: ٣٢ ملم