بکوژی سێ هاوڵاتییەکەی هەولێر (ئەربیل) دەستگیر کرا
لە ئەنجامی ڕووداوێکی تەقەکردن لە وێستگەیەکی بەنزین لە شاری هەولێر (ئەربیل)، سێ هاوڵاتی کوژران، پۆلیسی هەولێر (ئەربیل) ڕایگەیاند کە تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کردووە.
نووسینی ژووری هەواڵ
بڵاوکرایەوە: 1 خولەک خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر (ئەربیل) لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاریی ڕووداوەکەی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: کاتژمێر ٨:٣٠ـی خولەکی ئەمشەو چوارشەممە، ڕێکەوتی ٦ـی ئابی ٢٠٢٥، لە وێستگەیەکی بەنزین لەسەر شەقامی کۆیە، لەنێوان کارمەندێکی وێستگەکە و شۆفێر و سەرنشینێکی ئۆتۆمبێلێکدا دەمەقاڵێ دروست بووە.
بەگوێرەی ڕاگەیهندراوەکە: دواتر کارمەندەکەی وێستگەی بەنزین تەقەی کردووە و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی کوژراون، کە شۆفێر و سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە و هاوڵاتییەکی دیکە بوون.
پۆلیسی هەولێر (ئەربیل) ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و تۆمەتباریان دەستگیر کردووە.
لە کۆتایی ڕاگەیهندراوەکەدا هاتووە کە تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی ورد لە ڕووداوەکە بەردەوامە.