ئاسایشی هەولێر(ئەربیل): دەستمان بەسەر ١٠٠ ئامێری گزیکردندا گرت
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر(ئەربیل) ڕایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە کەسێک دەستگیر بکەن و دەست بەسەر ١٠٠ ئامێری بلوتوزی تایبەت بە گزیکردندا بگرن، کە بەنیازبووە لە کاتی تاقیکردنەوەکانی خوولی دووەمدا بەسەر قوتابیاندا ساغی بکاتەوە.
نووسینی ژووری هەواڵ
بڵاوکرایەوە: 1 خولەک خوێندنەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێكەوتی ٧ـی ئابی ٢٠٢٥، لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر(ئەربیل) ڕایگەیاند، کە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر(ئەربیل)، تۆمەتبارێک بە ناوی (ب. م. ف) دەستگیرکراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تۆمەتبارەکە خەڵکی قەزای حیللەیە لە پارێزگای بابل و بە شێوەی قاچاخ ١٠٠ ئامێری بلوتوزی هێنابووە ناو شاری هەولێر(ئەربیل). ئامێرەکان بە تایبەتی بۆ مەبەستی گزیکردن (غش) لە تاقیکردنەوەکاندا بەکاردەهێنرێن.
ئاسایشی هەولێر(ئەربیل) ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبارەکە ویستوویەتی بەر لە دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی خوولی دووەمی قوتابیان، ئەو ئامێرانە لە بازاڕەکانی هەولێر(ئەربیل)دا بفرۆشێتەوە و ساغیان بکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر(ئەربیل) دەڵێت، تۆمەتبارەکە ڕاگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.