لە هەولێر (ئەربیل) زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێت
بڕیارە ئەم هەفتەیە زەوی فەرمانبەران لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی شەمامک، دابەش بکرێت و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر (ئەربیل) دەڵێت؛ زەوییەکان دوو هەزار پارچەن و بە تیروپشک بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن.
نووسینی ژووری هەواڵ
بڵاوکرایەوە: 1 خولەک خوێندنەوە

ڕۆژی شەممە ٩ـی ئابی ٢٠٢٥، مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر (ئەربیل)، ڕایگەیاند: "ئەم هەفتەیە دوو هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانیی شەمامک بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت".
تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی هەولێر (ئەربیل) رۆژی دابەشکردنی زەوییەکانی دەستنیشان نەکردووە، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر (ئەربیل)، دەڵێت؛ دابەشکردنەکە "بە شێوەی تیروپشک" ئەنجام دەدرێت.
بە وتەی مەریوان حاکم هادی، 47 هەزار کەس ناویان لە تیروپشکەکە هەیە؛ "دوای دەرکردنی ناوی ئەو کەسانەی پێشتر سوودمەند بوون"، تیروپشکەکە ئەنجام دەدرێت و دوو هەزار فەرمانبەر زەوییان پێ دەدرێت.