لە هەولێر (ئەربیل) بازاريکی ١٠ دۆنمی بۆ پایسکل و ماتۆرسکیل دروست دەکرێت
پارێزگای هەولێر (ئەربیل) رایگەیاند، بە گوژمەی زیاتر لە ( ٢ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینار ) بازاڕێکی هاوچەرخی پایسکل و ماتۆرسکیل دروست دەکرێت لەسەر ڕووبەری ١٠ دۆنم زەوی.
نووسینی ژووری هەواڵ
بڵاوکرایەوە: 2 خولەک خوێندنەوە

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ـی ئەلوولی ٢٠٢٥، پارێزگای هەولێر (ئەربیل) رایگەیاند، بە گوژمەی زیاتر لە ( ٢ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینار ) بازاڕێکی هاوچەرخی پایسکل و ماتۆرسکیل لەسەر دروست دەکرێت لەسەر ڕووبەری ١٠ دۆنم زەوی لە بەشى باشوورى ڕۆژهەڵاتى شارى هەولێر (ئەربیل).
پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر دروستکردنی بازاڕێکی هاوچەرخ بۆ پایسکیل و ماتۆڕسکیل بە گوژمەی ( 2 ملیار و 887 ملیۆن و 574 هەزار دینار ) لەسەر ڕووبەری 10 دۆنم زەوی لە بەشى باشوورى ڕۆژهەڵاتى شارى هەولێر (ئەربیل) لە سەرشەقامى کۆنى ( کەرکوک – هەولێر (ئەربیل)) کە لە ئێستادا بازاڕەکە دەکەوێتە ناو جەرگەى شارى هەولێر (ئەربیل) و سیمایەکی ناشیرین و قەرباڵغی و جەنجاڵییەکی زۆری بۆ هاوڵاتییان دروستکردەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە سەرباری بچووکی دوکانەکانیان و تەسکی شەقامەکەیان، کە وای کردووە زۆربەى دوکاندارەکان پایسکل و ماتۆڕەکان لەسەر شەقام نمایش بکەن بۆ فرۆشتن، جگەلەوەش چەندین کەسی تر کە لەوبازاڕە کە دوکانیان نیە هەر لە سەرپێ و لەسەر شەقام مامەڵەى کڕین و فرۆشتنی پاسکیل و ماتۆڕ دەکەن، ئەوش گرفتی زۆری بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان دروستکردووە.
پارێزگای هەولێر (ئەربیل) ئەوەشی خستەڕوو، لەو بارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر (ئەربیل)، وێڕایی پاڵپشتیکردن و لە بەرچاوگرتنی کار و کەسابەتی کاسبکارانی بازاڕەکە و هاوکاری کردنیان، تیشکی خستەسەر ئامانجی دروستکردنى ئەو بازاڕى هاوچەرخە، کە مەبەست لێی جوانکردنى سیمای شار و نەهێشتنى ئاستەنگى هاتوچۆ بۆ ناو سەنتەری شار و ڕێکخستنى جوولەى بازرگانى.
وتیشی، دابینکردنى ژینگەیەکى ڕێکخراو و ئاسودەیە بۆ کاسبکارانی بازاڕەکە و کڕیارانی و بنبڕکردنى ناڕێکی و هەڕەمەکى و ڕێکخستنى بازاڕەکەیە بە شێوەیەکى ئەندازەیی و ئاسانکردنى گەیشتن و کارکردن و جوڵانەوەیانە لە ڕووبەرێکى فراواندا و دیاریکردنى شوێنى تەرخانکراو بۆ کڕین و فرۆشتن کە چاودێریکردن و ئیدارەیەکی باشتری هەبێت.
راشیگەیاند، دوای نمایشکردنی دیزاینی بازاڕە هاوچەرخەکە لەلایەن تیمی پلان و بەدواداچوونی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر (ئەربیل)، ئەنجوومەنی بازاڕەکە، وێڕای سوپاس و پێزانینی پارێزگاری هەولێر (ئەربیل)، خۆشحاڵی خۆیان بەدروستکردنی بازاڕەکە نیشاندا و ئومێدیان خواست لە ماوەیەکی کەمدا بتوانرێت ئەو بازاڕە بونیات بندرێت، تاکو بە ئاسودەیی کارو کەسابەتی خۆیان تێدابکەن.