ئۆتۆمبێلی چینی پێشانگای ئۆتۆمبێلەكانی هەولێر(ئەربیل)ـی تەنیوە
ئۆتۆمبێلی چینی پێشانگای ئۆتۆمبێلەكانی هەولێر(ئەربیل) تەنیوە و ژمارەیەكی زۆری ئەم ئۆتۆمبێلانە لە شەقامەكانی هەولێر(ئەربیل) دەبیندرێت، هاوكات خواستێكی زۆری لەسەرە و ڕۆژانە بە دەیان ئۆتۆمبێلی چینی بە جۆرە جیاوازەكانییانەوە لە پێشانگای ئۆتۆمبێلەكان دەفرۆشرێت، لە…
نووسینی ژووری هەواڵ
بڵاوکرایەوە: 2 خولەک خوێندنەوە

ئۆتۆمبێلی چینی پێشانگای ئۆتۆمبێلەكانی هەولێر(ئەربیل) تەنیوە و ژمارەیەكی زۆری ئەم ئۆتۆمبێلانە لە شەقامەكانی هەولێر(ئەربیل) دەبیندرێت، هاوكات خواستێكی زۆری لەسەرە و ڕۆژانە بە دەیان ئۆتۆمبێلی چینی بە جۆرە جیاوازەكانییانەوە لە پێشانگای ئۆتۆمبێلەكان دەفرۆشرێت، لە دوای زۆربوونی ئۆتۆمبێلی چینی لە هەولێر(ئەربیل) خواست لەسەر ئۆتۆمبێلەكانی كۆری و ئەمریكی كەم بووە و ئەوەش وایكردووە كەوا چینی هەژار و دەوڵەمەند روو لە ئۆتۆمبێلە چینییەكان بكات.
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل لە چین، بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لەم ماوەیەدا گەیشتووەتە نزیکەی ١٠.١٨ ملیۆن ئۆتۆمبێل، بەراورد بە ساڵی رابردوو ١٢.٩% زیادیکردووە.

هاوتا ئەنوەر، خاوەن پێشانگایەكی ئۆتۆمبێل لە هەولێر(ئەربیل) باسی ئۆتۆمبێلی چینی كرد ووتی، "ئۆتۆمبێلی چینی كاریگەری زۆری لەسەر ئۆتۆمبێلە ئەمریكییەكان كردووە، ئۆتۆمبێلە ئەمریكییەكان لێدراوە و بەكارهێنراوە ئینجا نرخەكەی ١٠ هەزار و ٦٠٠ دۆلارە، بەڵام ئۆتۆمبێلی چینی نوێ نرخەكەی ١٠ هەزار دۆلارە. ئەوەش بێگومان كاریگەری لەسەر رەوشی بازاڕەكە كردووە".
هاوتا ئەنوەر سەبارەت بە هۆكاری تێكچوونی ئۆتۆمبێلی چینی ووتی، "هەموو ئۆتۆمبێلێك كێشەی تێدەكەوێت بەڵام تا ئێستا ئۆتۆمبێلی چینی كێشەیەكی زۆری نەبووە و لە ئێستادا خواستێكی زۆری لەسەرە و بەشێكی زۆری پێشانگاكان بە گرەنتی ئۆتۆمبێلەكە دەفرۆشن".
هاوكات خاوەن پێشانگایەكە باسی نرخی ئۆتۆمبێلە چینییەكان بەراورد بە ئۆتۆمبێلەكانی تر كرد و ووتی، "ماوەیەك پێش ئێستا نرخی (MG Comfort)ئێمجی کۆمفۆرت بە ١٠ هەزار و ٢٤٠ دۆلار بوو، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی ركابەری و بڵاوكردنەوەی ئۆتۆمبێلەكان لە تۆری كۆمەڵایەتی تیك تۆك لە هەر ئۆتۆمبێلێك ٦٠٠ دۆلار زیانمان پێدەكەوێت و قازانجی زۆری نییە"، هاوكات جەختیشی كردەوە، " كاتێك خاوەن پێشانگایەك ١٠٠ دانە ئۆتۆمبێلی چینی دەهێنێت، بەهۆی ركابەرییەوە لە نێوان فرۆشیاران ٢٠ دانەی كۆتایی بە نرخێكی هەرزانتر دەیفرۆشێت،
بەهۆی ئەم بابەتەوە پێشانگایەكی زۆر زەرەرمەند بووە".
لە كۆتاییدا ووتیشی، "هیوادارم ئەنجومەنی پێشانگای ئۆتۆمبێلەكان سنوورێك بۆ نرخی ئۆتۆمبێلە چینییەكان دابنێت".
لەمبارەیەوە، دیار پشتیوان خاوەن پێیشانگای شۆره دەلێت، "ئۆتۆمبێلە چینییەكان كاریگەریەکی زۆریان لەسەر ئۆتۆمبێلی نیسان ئاڵتیما و تۆیۆتا کۆرۆلا و ئۆتۆمبێلەكانی كۆری و یابانی دروست كردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی مۆدێلی ئۆتۆمبێلەكان نوێیە و نرخی هەرزانە ئەوەش بۆ چینی هەژار زۆر باشە".
ووتیشی، "لەئێستادا نرخی سەرجەم ئۆتۆمبێلەكان لە دابەزیندایە بەڵام ئۆتۆمبێلە چینییەكان زیاتر دادەبەزێت و بەهۆی ئەوەی نرخی هەرزانە خواست لەسەر ئۆتۆمبێلە چینییەكان زیاترە".
نەهرۆ قاسم كاری كرین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەكات بە ئاژانسی تەبای ڕاگەیاند، "لە ڕاستیدا ئەوانەی ئۆتۆمبێلی چینی دەكرن ئاگادارنین لەوەی كە لە پاش كرینی ئۆتۆمبێلەكە زەرەرمەند دەبن، ئۆتۆمبێلی چینی بە بەردەوامی نرخی دادەبەزێت و ئۆتۆمبێلە كۆرییەكان وەك ئۆتۆمبێلە چینییەكان نین".
دەشڵێـت، "كوالێتی ئۆتۆمبێلە كۆریییەكان باشترە لە ئۆتۆمبێلە چینییەكان بۆیە لە كاتی فرۆشتندا خاوەن ئۆتۆمبێلی چینی زیاتر زەرەرمەند دەبێت".