بچۆ بۆ ناوەڕۆک

شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتە هەولێر(ئەربیل)

شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتە هەولێر(ئەربیل) و لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق مەسرور بارزانییەوە پێشوازی لێ کرا.

نووسینی ژووری هەواڵ

بڵاوکرایەوە: 1 خولەک خوێندنەوە

شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتە هەولێر(ئەربیل)
Arşiv

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢ـی شوباتی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر(ئەربیل).

شاندەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" و، ئەندامێتیی هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی "بەدر" و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "ئەساس"ـە.

شاندەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە لایەن شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، پشتیوان سادق و نەوزاد هادی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر(ئەربیل) پێشوازیی لێ کرا.

هەروەها تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، یەکلاییکردنەوەی کاندیدی هەردوو پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، ١ـی کانوونی دووەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق و جێگری سەرۆکی پارتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن.

هاوکات لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیرانیش؛ ماڵی شیعە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە. هەندێکیان پێیان باشە بەهۆی پەیامە توندەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نووری مالیکی، لە کاندیدبوون بۆ پۆستەکە بکشێتەوە و هەندێکیش کشانەوەی ناوبراو رەتدەکەنەوە و دەڵێن "نابێت هیچ وڵاتێک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراقدا بکات."